ناوهڕۆك
بیرهاتنەوە واتە چی؟
زانای دەروونزان (نایسر) دەڵێت (بیرهاتنەوە بناغەی پڕۆسە ئەقڵیەکانی مرۆڤە و ئەو هێزەیە کە هەموو پڕۆسە ئەقڵیەکانی تر بەکاردەخات، چونکە بێ بیرهاتنەوە هەموو ڕووداوەکانی ژیان بریتی دەبێت لە دووبارەبوونەوەیەکی بێ سوود و مرۆڤ تێیدا هیچ فێرنابێت، هەربۆیەش بیرهاتنەوە بە یەکێک لە پڕۆسە مەعریفیە گرنگەکانی ژیان دەژمێردرێت.
پڕۆسەكانی بیرهاتنەوە
ئەگەر بمانەوێت پێناسەی بیرهاتنەوە بکەین دەتوانین بڵێین: پڕۆسەیەکی ئەقڵییە، لەڕێگەیەوە هەموو زانیاریە کۆنەکانمان دەهێنینەوە یاد. بە پڕۆسەیەکی ئاڵۆز دەژمێردرێت چونکە چەند پڕۆسەیەکی تر لەخۆ دەگرێت وەک (هەڵگرتن، هێنانەوە، ناسینەوە، درک پێکردن، هۆش).
أ- پڕۆسەی هەڵگرتن (الاحتفاظ): واتە هەڵگرتنی ئەو زانیاریانەی کە مرۆڤ ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە وەک زانیاری و دەست ڕەنگینی و خووەکان.
ب- پڕۆسەی هێنانەوە (الاسترجاع): ئەم پڕۆسەیە بریتیە لە هێنانەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە پێشوو هەڵمان گرتووە لە مێشکمان وەک هێنانەوەی وشە و واتا و وێنە و هتد.
ج- پڕۆسەی ناسینەوە (التعرف): بریتیە لە درککردنی مرۆڤ بۆ شتەکان وەک بەشێک لە زانیارییە کۆنەکان، بۆ نمونە کاتێک گوێت لە گۆرانیەک دەبێت بۆ دووەم جار لەگەڵ خۆت دووبارەی دەکەیتەوە، چونکە هەست دەکەیت تۆ پێشتر ئەو گۆرانیەت بیستووە و بەشێکت لەبەرکردووە. یان کاتێک شوێنێک بۆ دووەم جار دەبینیت شوێنەکان دەناسینەوە.